دواین هەواڵ

جیهان‌

 28 خولەک پێش ئێستا

وەزارەتی نەوتی ئێران: ئاگر لە سەکۆیەکی کێڵگەی غازی پارسی باشوور کەوتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاند کە ئاگر لە یەکێک لە سەکۆکانی کێڵگەی غازی پارسی باشووری ئێران کەوتووەتەوە و سەکۆکە بە تەواوی چۆڵ کراوە تاوەکو سەلامەتیی ئەندازیارەکان دڵنیا بکرێتەوە.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاند کە ئاگر لە یەکێک لە سەکۆکانی قۆناغی 14 لە کێڵگەی غازی پارسی باشوور کەوتووەتەوە و دواتر ئۆپەراسیۆنەکانی کوژاندنەوەی تەواو بوون و دۆخی سەکۆکە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ کراوە.

بریکاری وەزیری نەوتی ئێران ئاشکرای کرد کە ئەو پلاتفۆرمە ڕۆژانە 14.5 ملیۆن مەتر سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت لە کۆی زیاتر لە 700 ملیۆن مەتر سێجا بەرهەمی گشتیی کێڵگەکە.

 هاوکات جەختیشی کردەوە کە هۆکاری رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و دزەکردنی غاز یان رووداوێکی ئۆپەراسیۆنی لە ئەگەرە سەرەکییەکانن.

کێڵگەی غازی پارسی باشوور کە لەگەڵ قەتەر هاوبەشە و تاران و دەوحە بە بەردەوامی بەکاری دەهێنن، بە گەورەترین کێڵگەی غازی سروشتیی جیهان دادەنرێت و یەدەگی نزیکەی 51 تریلیۆن مەتر سێجا غازی هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP