هەرێم نیوز
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە سەربازێکی پلەباڵای سوپای ئەمەریکا لە خاکی بەریتانیا بە تۆمەتی سیخوڕی و پێدانی زانیاریی نهێنی و پارێزراو بە ڕووسیا دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاند کە ئەو سەربازە ئەمەریکییە تەمەنی 41 ساڵە و لە نزیک ناوچەی گڵۆستەر لە ڕۆژئاوای ئینگلتەرا دەستگیر کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکردنی یاسای ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا بەتایبەت لەسەر دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە پارێزراوەکان و هاوکاریکردنی دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا.
کەناڵی سکای نیوزیش ئاشکرای کرد کە سەربازەکە لە بارەگای سەرەکیی فەیلەقی کاردانەوەی خێرای ناتۆ جێگیر بووە.
کاش پاتێل،، بەڕێوەبەری FBI لەبارەی دەستگیرکردنەکەوە ڕایگەیاند کە تۆمەتەکە مەترسیدارە و جێگەی نیگەرانیی قووڵی واشنتن و هاوپەیمانەکانێتی، جەختیشی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەو کەسانە ناکەن کە سوێندی سەربازیی خۆیان پێشێل دەکەن.
هاوکات ڤیکی ئیڤانز، بەرپرسی باڵای هەماهەنگی لە دژەتیرۆری بەریتانیا و بریگادیر جەنەراڵ شۆن ستینچۆن، فەرماندەی دژەهەواڵگریی سوپای ئەمەریکا جەختیان لەوە کردەوە کە تۆمەتەکان زۆر جدیین و ئەم رووداوە بیرخەرەوەیەکە بۆ هەڕەشە ناوخۆییەکان.
ئێستاش سەربازەکە لە شاری لەندەن لەژێر لێکۆڵینەوەی چڕدایە.