دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بنیامین ناتانیاهۆ: تەنیا ڕێگە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی ئێران ڕووخاندنی ڕژێمی ئایەتوڵاکانە

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تەنیا ڕێگە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی هەڕەشەی ئێران،، ڕووخاندنی ڕژێمی ئایەتوڵاکانە، هاوکات ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی بەرەوڕووی فشارە نێودەوڵەتییەکان دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ لە میانی وتارێکدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کێنێسێت) ڕایگەیاند کە لە ئێستاوە بە کرداری فشارەکان دەستیان پێکردووە تاوەکو ئیسرائیل لە دەستکەوتە ئەمنییەکانی لە سوریا، لوبنان، غەززە و کەناری ڕۆژئاوا پاشەکشە بکات.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی دا لە هەوڵەکان بۆ سەپاندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی و جەختی کردەوە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی لەو شێوەیە لەژێر پشتیوانیی ئێراندا بە ئامانجی لەناوبردنی ئیسرائیل دەبێت. هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی فشاری نێودەوڵەتی دەبنەوە بۆ قبووڵکردنی بوونی ئێرانێکی ئەتۆمی.

لە لایەکی دیکەوە، ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد سازش بکەن لەپێناو پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێدا و دەستی تەبایی بۆ ڕکابەرەکانیان درێژ بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP