هەرێم نیوز
موحسین ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەواڵەکانی بەردەوامیی دانوستانەکانی تاران و واشنتن لە قەتەر و کۆبوونەوەی ئەگەری لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە تەواوی ڕەت کردەوە و بە بێبنەما ناوی برد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی «تەسنیم» لە زاری موحسین ڕەزاییەوە بڵاوی کردەوە کە ئێران داوای لە ئەمریکا کردووە وەڵامێکی ڕوون و ئاشکرا بە مەرجەکانی بداتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا واشنتن وەڵامێکی لەو شێوەیەی نەداوەتەوە و وەڵامەکەی بە هەڵخەڵەتێنەرانە وەسف کرد.
ڕەزایی هەروەها هەواڵی پلانی کۆبوونەوەی نێوان خۆی و جەی دی ڤانسی ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە هیچ بنەمایەکی نییە.
لە کۆتاییدا، ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بە حەوت مەرجەکەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە ئەو مەرجانە مافی گەلی ئێرانن، و تاوەکو جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتییەکاندا ناکرێتەوە.