هەرێم نیوز
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە نۆیەمین خولی کۆڕبەندی ئاشتیی پاریس لە فەرەنسا، سەرنجی خستە سەر لێکەوتە مەترسیدارەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر ئاسایشی وزەی جیهان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا بەشداریی لە وۆرکشۆپێکی تایبەتدا کرد و باسی لەو ئاڵنگارییە قورسانە کرد کە بەهۆی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی گەرووی هورمز ڕووبەڕووی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق و بزووتنەوەی بازرگانیی نێودەوڵەتی بوونەتەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی بژاردە و ڕێگەچارە جێگرەوەکان کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت، لە سەروویانەوە هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن و فراوانکردنی تۆڕی بۆرییە نەوتییەکان لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانەکان.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکانیدا لە پاریس، فوئاد حوسێن بەشداریی لە کارەکانی لووتکەی مافەکانی منداڵ کرد کە بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڕێوە چوو، هەروەها بەشداریی لە خوانی ئێوارەی کۆشکی ئەلیزێ کرد کە لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە بۆ رێزلێنان لە سەرکردەکان ڕێکخرابوو.