دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژنامەیەکی قەتەری: گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە فشاری ئێران مەرجی نوێیان خستووەتە بەردەم حکوومەت

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی «العربی الجدید»ی قەتەری لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقی بە فشاری تاران مەرجی نوێیان خستووەتە سەر مێزی دانوستانەکان بۆ دەستبەرداربوون لە چەکەکانیان، بەڵام سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بە توندی ئەو مەرجانەی ڕەت کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕۆژنامەکە بڵاوی کردەوە کە گرووپەکان، لە سەروویانەوە «کەتایبی حزبەڵڵا»، «نوجەبا» و «سەید الشهدای»، داوای پێدانی پۆستی گرنگ و هەستیار لە دەزگا ئەمنی، سەربازی و خزمەتگوزارییەکاندا دەکەن، لەوانە دەزگای هەواڵگریی عێراق، دەستەی دەروازە سنوورییەکان، سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزەکانی سنور و دەستەکانی وەبەرهێنان لە باشوور.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەم هەنگاوە دوای بڕیارێکی حکوومی دێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانەی کە سەربەو گرووپانە بوون و دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی موسڵ و چەند کەرتێکی دیکەدا گرتبوو. سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئامانج لەم مەرجە نوێیانە، «کاتکوشتن» و ئەستەمکردنی کارەکانی حکوومەتە.

لە بەرامبەردا،، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕەتکردنەوەی ئەم مەرجانەدا زۆر ڕاشکاو بووە و جەختی کردەوە کە حکوومەت هەرگیز ئاڵوگۆڕ بە چەک لە بەرامبەر پۆستی وەزاری، ئەمنی و حکوومیدا ناکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP