هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی ئەڵمانیی «بێلد» کاتژمێرێکی تایبەتی بۆ پێوانەکردنی قەرزە گشتییەکانی ئەڵمانیا خستووەتە ڕوو؛ ئامارەکانی ئەم کاتژمێرە ئاماژە بە قەبارەی گەورەی قەرز و خێرایی زیادبوونی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی کۆمپانیاکانی تووشبوو بە ئیفلاس و داواکارییەکانی بێکاری لە وڵاتەکەدا بەرز بووەتەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، قەرزی گشتیی ئەڵمانیا گەیشتووەتە نزیکەی ٣ تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار دۆلار، و بە پێی ئەو ئامارەیە، قەرزەکانی بە تێکڕای ٤٧٥ هەزار دۆلار لە هەر خولەکێکدا زیاد دەکەن.
لە بوارى بازرگانی و پیشەسازییشدا، دۆخەکە نیگەرانیی زیاتر دروست کردووە؛ بە پێی ئەو ئامارانە، هەر ٢٠ خولەک جارێک کۆمپانیایەک لە ئەڵمانیا ئیفلاسی خۆی ڕادەگەیەنێت. هەروەها، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە ٢١ هەزار و ٣٠٠ کۆمپانیا تووشی قەیران و داخستن بوونە.
لە نێو ئەو کۆمپانیایانەی تووشی ئیفلاس بوون، کارگەیەکی کاغەس هەیە کە مێژووی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا. هەروەها کۆمپانیای «ئایڤۆس»یش لەو لیستەدایە، کە یەکێک بووە لە دابینکەرانی پێکهاتەی ئۆتۆمبێل بۆ کۆمپانیای «مێرسێدس بێنز».
لە هەمان کاتدا، بازاڕی کاری ئەڵمانیاش ڕووبەڕووی فشارێکی بەرچاو بووەتەوە؛ ژمارەی داواکارییە فەرمییەکانی بێکاری گەیشتووەتە زیاتر لە ٥ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس. بەپێی ئامارەکە، بە تێکڕا هەر چوار چرکە جارێک حاڵەتێکی نوێی بێکاری تۆمار دەکرێت.
سەڕەڕای ئەم ئاماژانەی قەیرانی ئابوری، ئەڵمانیا هێشتا بە گەورەترین و بەهێزترین ئابوریی ئەورووپا دادەنرێت؛ بەڵام لەگەڵ قەیرانی قەرز، ئیفلاسی کۆمپانیاکان و بێکاری، کێشەی کەمی نیروی کاری شارەزاش ڕووبەڕووی بووەتەوە، بە تایبەتی لە بوارە گرنگەکانی وەک پزیشکی و ئەندازیاری.
ئەم دۆخە پرسیاری جدی لەبارەی داهاتووی ئابوریی ئەڵمانیا دروست دەکات؛ ئەو وڵاتەی ساڵانێکی زۆر وەک یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی ئابوریی ئەورووپا ناسراوە، ئێستا دەبێت ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەددای قورس ببێتەوە