هەرێم نیوز
بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا.
خستنەڕووی تێبینییەکان و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، شاندی دانوستانکار بۆ خستنەڕووی تێبینییەکانی لەبارەی بڕگەکانی ڕەشنووسی پڕۆژەکە، جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و شایستەکانی مووچەخۆران، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ کۆ دەبێتەوە.
تەوەرەکانی گفتوگۆ و خاڵە ناکۆکەکان
پێشتر شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، شاندەکە لەگەڵ سێ وەزیری عێراق تایبەت بە وەزارەتەکانی نەوت، دارایی و ئاوەدانکردنەوە کۆ دەبێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد، ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لەسەر پرسی مووچە نین، بەڵکو پرسەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا (ئۆتۆماتیککردنی گومرگەکان)، داهاتی ناوخۆ و دۆسیەی نەوت تاوەکو ئێستا ناکۆکییان لەسەرە و پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە.
هەرێمی کوردستان بەردەوام دووپات لەسەر پشکی یاساییی خۆی دەکاتەوە کە بریتییە لە ١٤.١٤٪ی کۆی بودجەی عێراق، بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و ناکۆکییانەشەوە، ئەمڕۆ گفتوگۆی بودجە لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرهێنرا و بۆ ڕۆژی سێشەممە دواخرا.