هەرێم نیوز
رۆژنامەی "المدی" لە زاری سەرچاوە سیاسییەکانەوە بڵاویكردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا هۆشداری داوە بە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە گەڕانەوەی گرووپە چەکدارەکان بۆ ستراتیژی "یەکێتی گۆڕەپانەكان" و ئەگەری راکێشانی عێراق بۆ شەڕ.
دوای چەند کاتژمێرێک لە پەیوەندییە تەلەفونییەكە، هێزە ئەمنیەكانی عێراق سێ ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبیان دەستگیرکردووە، کە لەبارهەڵگرێكدا ٣٥ موشەکیان پێبووە لە ناوچەی لەتیفیە لە باشوری بەغداد.
بەوتەی سەرچاوەكە، گرووپەكان زەیدییان ئاگادار کردەوە لەوەی ناتوانن لەم کاتەدا چەکەکانیان رادەست بکەن، بە ئاماژەدان بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لەگەڵ ئێران لە هەر ساتێکدا.
ئەوە لەكاتێكدایە، زەیدی راستەوخۆ بەرپرسیارێتی دانوستانەکانی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان گرتووەتە ئەستۆ، دوای شکستی "لیژنەی چوارقۆڵی" شیعەکان، ئەوەش گرووپی كەتایبی حزبوڵای تۆڕەكردووەو وایکردووە هێرش بکاتە سەر حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی.
عەقیل عەباس، توێژەر لە بواری سیاسەتی ئەمریکا، راگەیاندووە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریكا ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئێران دوور ناخاتەوە؛ رەنگە ترەمپ هان بدات ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران خێراتر بکات، پێش ئەوەی زۆرینەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی نوێ دەستبەکاربن.