هەرێم نیوز
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی دەوحە لە نێوان نێوەندگیرانی قەتەر و بەرپرسانی ئێران لەسەر بنەمای پەیامەکەی واشنتۆن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، میدیا و ناوەندە لێکۆڵینەوەیییەکانی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لە دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێ فەرمانی جووڵەیەکی سەربازیی بەرفراوان دژی ئێران دەربکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی 11ـی 2026، کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئاڵۆزی نێوان واشنتۆن و تاران و ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی قۆناغێکی نوێی پەرەسەندنی سەربازی کرد؛ کەناڵەکە لە زاری توێژەرێک لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ڕەنگە لە ماوەی چەند ڕۆژ یان چەند هەفتەی داهاتوودا سەرۆکی ئەمریکا بگاتە ئەو دەرەنجامەی کە چاوەڕوانکردنی وەڵامی دیپلۆماسیی تاران چیتر هیچ سوودێکی نییە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەو پەیمانگە ئیسرائیلییە، پێشبینی دەکرێت دۆناڵد ترەمپ هەوڵ بدات جووڵە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی تاران بەر لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو، واتە پێش وادەی دەستبەکاربوونی فەرمیی ئەندامانی خولی نوێی کۆنگرێس ئەنجام بدات.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە، هەرچەندە کەناڵەکانی پەیوەندی و نێوەندگیریی قەتەری هێشتا کراوەن، بەڵام حیساباتی ستراتیجیی ئەمریکا بەرەو ئەوە دەچێت کە بژاردەی سەربازی و وەشاندنی گورز بەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا زاڵ بێت، ئەمەش دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاڕاستەی ڕووداوەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بە تەواوەتی بگۆڕێت.