هەرێم نیوز
حکوومەتی عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە نیازی بەغدا دەکەن بۆ قەرزکردنی ١٦ تریلیۆن دینار لە وڵاتانی سعودیە، کووەیت، چین، ئەڵمانیا و فەرەنسا بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە؛ جەختیشی کردەوە کە سیاسەتەکەی لەسەر بنەمای وەبەرهێنانی داهاتەکان بۆ پشتگیریکردنی خەرجییە گشتییەکان داڕێژراوە.
ڕونکردنەوە فەرمییەکەی حکوومەت
ئەمڕۆ هەینی، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی ("واع") ڕایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی لەبارەی نیازی عێراق بۆ قەرزکردنی ١٦ تریلیۆن دینار لە چەند وڵاتێک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بڵاو بوونەتەوە، بێبنەمان و لە سایەی ئاستی هەناردەی نەوتدا هیچ پێویستییەک بەو جۆرە قەرزکردنە نییە."
عەبوودی ڕوونی کردەوە که حکوومەت سیاسەتێکی ئابووریی پەیڕەو دەکات کە لەسەر بەکارهێنانی وردی داهاتەکان و خەرجکردنیان بۆ پشتگیریکردنی خەرجییە گشتییەکان و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی دەوڵەت وەستاوە. گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد کە زیادکردنی ئاستی هەناردەی نەوت ڕۆڵی هەبووە لە بەهێزکردنی داهاتەکاندا.
پەیڕەوکردنی سیاسەتی دارایی سەربەخۆ
حەیدەر عەبوودی دووپاتی کردەوە کە حکوومەت لە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکەیدا بەردەوامە، بە جۆرێک کە پشت بە زیادکردنی سەرچاوە داراییە بەردەستەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی پشتگیریکردنی خەرجییەکان و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام مسۆگەر بکات.