هەرێم نیوز
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی ئاڵا تاڵەبانیی دایەوە و ڕایگەیاند کە ناوبراو وەک پیشەی هەمیشەیی کۆمەڵێک درۆ و چەواشەکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئاڵا تاڵەبانی درێژەی بەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنە ناڕەوایە داوە کە بەردەوام هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی دەکاتە ئامانج.
وتەبێژی فراکسیۆنەکە جەختی کردەوە که ڕای گشتی باش دەزانێت فایلی قاچاغچێتی و بازرگانیی نایاسایی دەرمان و نەوت لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و کێ لە کەسە نزیکەکانی ناوبراو ئەنجامی دەدات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا،، فراکسیۆنی پارتی بە توندی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم جۆرە کەسانە بوونەتە ئامرازی جێبەجێکردنی پلانەکانی نەیارانی کوردستان.
لە کۆتاییدا، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە لە بەرامبەر ئەم بوختان و چەواشەکارییانەدا، هەموو ڕێگەیەکی یاسایی دەگرنە بەر بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان.