هەرێم نیوز
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا ڕایگەیاند کە کەمکردنەوە و کۆتاییهاتن بە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نێزیک بووەتەوە و لە دوو هەفتەی داهاتوودا قۆناغێکی ئارام دەست پێ دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم باراک لەبارەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە کۆنفرانسێکدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕایگەیاند پێی وایە لە دوو هەفتەی داهاتوودا هەنگاوی بەرچاو دەبینرێت و هەمووان بەرەو هێورکردنەوەی دۆخەکە هەنگاو دەنێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا جەختی کردەوە کە زۆر نێزیکن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ قۆناغێک کە ڕاگرتنی هێرش و جووڵە سەربازییەکان ڕابگەیەنن.
شایەنی باسە، ئەم ڕاگەیاندنەی باراک لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئەمریکا لە ئامادەباشیدایە و ئەگەری هەیە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا دەست پێ ببنەوە.