دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشەوا هەورامانی: بە کەمتر لە 14.4%ـی پشکی بودجەی گشتی ڕازی نابین

هەرێم نیوز

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بە کەمتر لە 14.4%ـی پشکی بودجەی گشتی کە بەپێی داتاکانی سەرژمێری مافی ڕەوای گەلی کوردستانە ڕازی نابێت، هاوکات ئاشکراشی کرد کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی زاخۆدا بە شاندی عێراقی ڕاگەیاندووە کە مەرکەزییەت لەگەڵ هەرێم سەرناگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە دا کە بەغدا بەبێ هیچ جێگرەوەیەک داوا دەکات پشکی هەرێم 12% بێت، بەڵام هەرێم شەڕی بەدەستبهێنانی مافەکانی بەپێی دەستوور دەکات. 

وتەبێژی حکوومەت باسی لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێم و بەغدا لە زاخۆ کرد و ڕوونی کردەوە کە کۆبوونەوەکە چوار کاتژمێری خایاندووە و تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دۆسیەی نەوت ڕوونە و دەبێت مامەڵە لەگەڵ هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی بێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی باسی لە زیانی کێڵگە نەوتییەکان کرد بەهۆی هێرشی درۆنییەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دووبارە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان کاتی پێویستە.

 هاوکات جەختیشی لە یەکدەنگیی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان، و ڕەخنەی لە نەناردنی نەوتی سپیی پێویست لەلایەن بەغداوە گرت.

 لە کۆتاییدا، وتەبێژی حکوومەت وەڵامی ئاڵا تاڵەبانیی دایەوە و ئاماژەی بەوە دا کە 42 چاودێری حکوومەتی فیدراڵ لەناو کەرتی وزەی هەرێمدا ئامادەن و لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکانن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP