هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاگادارییەکی هۆشداریدانەی بڵاو کردەوە و داوای لە خێزانەکان کرد ئاگاداری کچەکانیان بن، دوای دەرکەوتنی باندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بە ئەکاونتی ساختە و لەژێر ناوی «نووسینگەی هاوسەرگیری» خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕوونی کردەوە کە ئەو باندە لە ڕێگەی ئەکاونتی ساختەوە کوڕان و کچان بە یەکتری دەناسێنن، بەڵام دواتر ئەو کوڕەی بە کچەکە ناسێندراوە بە بانووی نەبوونی پارە بۆ گواستنەوە و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، داوا لە کچەکە دەکات پارەی بۆ بنێرێت تا ئامادەکاری بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری بکات.
لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکدا، پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد کە کوڕەکە دوای وەرگرتنی پارەکە ڕاستەوخۆ کچەکە بلۆک دەکات.
لە کۆتاییدا، پۆلیسی ڕاپەڕین داوای لە دایک و باوکان کرد ڕێنمایی کچەکانیان بڕەخسێنن و ڕێگری بکەن لەوەی بکەونە داوی ئەو کەسانەی کە دوورن لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئایینی.