دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێباز حەملان: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نییە و لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت

هەرێم نیوز

ڕێباز حەملان، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند که مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نییە و لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت، هاوکات جەختیشی کردەوە کە کۆدەنگییەکی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی نابێت پرسی مووچە تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڕێباز حەملان لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە بەرنامەی کابینەی نوێ بۆ ئاوەدانکردنەوە ڕوونی کردەوە کە بەرنامەی حکوومەتی نوێی عێراق ئەوەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هەموو ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون ئاوەدان بکرێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لە بارودۆخی دارایی عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا بودجەی گشتی یەکلایی نەکراوەتەوە.

 ڕێباز حەملان ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا 300 پرۆژەی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کارکردن تێیاندا بەردەوامە، بەڵام هاوکات بەشێک لە پرۆژەکانیش وەستاون و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بخرێتە ڕوو و بخرێنەوە بواری جێبەجێکردن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP