دواین هەواڵ

کوردستان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

جیتۆر و هارلم دووەمین کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دەدامەزرێنن

هەرێم نیوز

گرووپی کۆمپانیاکانی جیتۆری چینی و هارلم لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و بڕیارە کارگەیەکی بەرهەمهێنان و لێکدانی پارچەکانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر دابمەزرێنن، کە دەبێتە دووەمین کارگەی ئۆتۆمبێل لە هەرێم دوای کارگەکەی زاخۆ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە کە شاندی هەردوو کۆمپانیاکە لە هەولێر لەگەڵ محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کۆ بوونەتەوە و بیرۆکەی دامەزراندنی کارگەی دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلیان تاوتوێ کردووە.

 بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە قۆناغی یەکەمدا کارگەی کۆکردنەوە و لێکدانی پارچەکانی ئۆتۆمبێلی جۆری جیتۆری چینی لە هەولێر دادەمەزرێنن.

لە کۆبوونەوەکەدا، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، پێشوازی لە بیرۆکەکە کرد و ئامادەییی هەموو هاوکاری و کارئاسانییەکی دەربڕی، هاوكات داواشی لێ کردن هەرچی زووە پڕۆپۆزەڵی تایبەت بە کارگەکە پێشکەش بە دەستەکەیان بڕەخسێنن تا ڕێکارە یاساییەکانی بۆ جێبەجێ بکرێت.

 دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا که ئامانج لە دامەزراندنی ئەم کارگەیە، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، ڕەخساندنی دەرفەتی کار و ڕاهێنانی کارامەییی پیشەسازیی ناوخۆییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP