هەرێم نیوز
شارەزایەکی ئابووری هۆشداری دەداتە حکومەتی عێراق سەبارەت بەو لێدوانانەی باس لە زیادکردنی هاوردەکردنی دۆلاری نەختینەیی دەکەن، و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو هەنگاوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابێتە هۆی زیادبوونی خستنەڕوو لە بازاڕە ناوخۆییەکان و دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی 10ـی 2026، زیاد هاشمی، شارەزای ئابووری لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە سەرکەوتنی حکومەت لە زیادکردنی بڕی هێنانی دۆلاری نەختینەیی لە ڕێگەی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە بۆ ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا و هەوڵدان بۆ گەیاندنی بە یەک ملیار دۆلار، ڕەنگە پەیامێکی نادروست لەبارەی سروشتی جووڵەی دۆلار لە ئابووریی عێراق و میکانیزمەکانی دابینکردنیدا بدات.
ئەو شارەزا ئابوورییە ئاماژەی بەوەش کردووە، بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری نەختینەیی بۆ فرۆشتنی ئازاد لە بازاڕی ناوخۆییدا ناخاتەڕوو بە ئامانجی زیادکردنی خستنەڕوو لای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، بەڵکو لە ڕێگەی کەناڵە دیاریکراوەکانی بانکەوە و تەنیا بۆ مەبەستەکانی گەشتکردن، چارەسەری پزیشکی، خوێندن و هەندێک حەواڵە دابینی دەکات.
ڕوونیشیکردووەتەوە، کە کەمکردنەوەی پشکی دۆلاری نەختینەیی تەرخانکراو بۆ گەشتیاران و دیاریکردنی کات بۆ وەرگرتنی، کاریگەرییەکانی زیادکردنی هێنانی دۆلار کەم دەکاتەوە، چونکە پێشتریش بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دۆلاری نەختینەیی بۆ پڕۆسەی کڕین لە ناوخۆی عێراقدا تەرخان ناکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، زیاد هاشمی پێداگریی لەوە کردووە، کە هێنانی دۆلاری نەختینەیی لە باشترین حاڵەتدا تەنیا خواست لەسەر دۆلار لەلایەن گەشتیارانەوە کەمدەکاتەوە، بەڵام بۆ دابەزینێکی ڕاستەقینە و بەردەوامی نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا، پێویستە هۆکارەکانی خواستی دۆلار لە دەرەوەی سیستمی فەرمیی بانکی چارەسەر بکرێن، ئاسانکاری بۆ هاوردەکاران بکرێت بۆ گەیشتن بە کەناڵە فەرمییەکانی دارایی، و سنوورێکیش بۆ قۆرخکاری و بازرگانیی نافەرمیی دەرەوەی سنوورەکان دابنرێت.