هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بە پشتبەستن بە زانیاریی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئاشکرای کرد، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پەلە ١٢ فڕۆکەی بۆمبڕێژی ستراتیژیی جۆری B-1Bـی لە بنکەی ئاسمانیی شاھانەی فەیرفۆرد (RAF Fairford) لە ئینگلتەرا گواستووەتەوە، ئەمەش دوای ئاشکرابوونی پلانێکی ئاڵۆز بۆ بەئامانجگرتنی فڕۆکە و سەربازە ئەمریکییەکان لەو بنکەیەدا.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" و پێگەی هەواڵیی "ئەکسێۆس" پشتڕاستیان کردەوە کە دەرکردن و گواستنەوەی لەناکاوی ئەم بۆمبڕێژە ستراتیژییانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە هەبووە؛ ئەم زانیارییانەش هاوتەریب بوون لەگەڵ لێدوانە فەرمییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بە ڕوونی ڕایگەیاند فڕۆکەکان بەهۆی هەڕەشە جدییەکانی ئێرانەوە لەو بنکەیە دەرکراون، سەرەڕای ئەوەی پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەوڵی دابوو ئەو هەنگاوە وەک جێگۆڕکێیەکی ئاسایی و بێپەیوەندی بە تاران پیشان بدات.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، پەلەکردن لە گواستنەوەی فڕۆکەکان لە ٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بە جۆرێک بووە کە پرۆتۆکۆلە ئاساییە سەربازییەکان جێبەجێ نەکراون؛ چونکە لە دۆخی ئاساییدا دەبێت پێش فڕین پرۆسەی پڕکردنیان بە سووتەمەنی بە تەواوی لەسەر باندی فڕۆکەخانەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڕەشەکانی ئێران وەک مەترسییەکی دەستبەجێ و چاوەڕوانکراو هەڵسەنگێندرابوون، فڕۆکەکان بەبێ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێکارەکان بنکەکەیان بەجێهێشتووە.