هەرێم نیوز
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە "تیرۆریستییە ترسناکە"ی کرد کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز، و هیوای خواست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی بەهێز و یەکگرتوو دژی هەڕەشەکان بونیاد بنرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی 10ـی 2026، لە پەیامێکدا کە لەسەر هەژماری فەرمیی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسناکە دەکەم کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیازی عەرەبستانی سعوودیە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٢ کەسی بێتاوان و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە."
ناتانیاهۆ بەناوی گەلی ئیسرائیلەوە پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی خێزانی قوربانییەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە تیرۆر خەڵکی بێتاوان دەکاتە ئامانج و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ترس و ناسەقامگیری دەدات، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و حازمانە ڕووبەڕووی ببنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل چاوەڕوانی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی بەهێز دەکات؛ ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاست کە یەکگرتوو بێت لە دژی هەڕەشەکان، گەلەکەی بپارێزێت، و داهاتوویەکی ئارام، پڕ لە هاوکاری و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە بونیاد بنێت.