دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: هەڵمەتی گۆشەگیرکردنی تەواوەتی ئێران دەست پێدەکات

هەرێم نیوز

سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، واشنتن لە هەڵمەتی 'ئەوپەڕی فشار'ەوە بەرەو هەڵمەتی 'گۆشەگیرکردنی تەواوەتی'ی ئێران هەنگاو دەنێت، و ئاشکراشی دەکات کە تاران توانای چاودێریی درۆنەکانی لەدەستداوە و لێشاوی داراییەکەی بۆ قۆناغی نێگەتیڤ دابەزیوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی 10ـی 2026، سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)ـی ئەمریکی، دۆخی ئابووری و سەربازیی ئێرانی بە زۆر خراپ وەسف کرد. 

بێسنت ڕایگەیاند کە ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە داڕماوە، بە جۆرێک "هیچ نەوتێکی لەناو کەشتییەکان نەماوە و لێشاوی هاتنی پارەی نێگەتیڤە".

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی "ئەوپەڕی فشار"، ئێستا واشنتن بەرەو هەڵمەتی "گۆشەگیرکردنی تەواوەتی" هەنگاو دەنێت، کە ئامانج لێی بڕینی سەرجەم پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بە جیهانی دەرەوە.

 بۆ جێبەجێکردنی ئەمەش، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر دراوە دیجیتاڵییەکان (کە تاران وەک جێگرەوەیەک بۆ دەربازبوون لە سزاکان بەکاری دەهێنا) و توندکردنەوەی زیاتری ئابڵوقەی دەریایی.

 لە ڕووی سەربازیشەوە، بێسنت تیشکی خستە سەر لاوازیی ئاستی تەکنەلۆژیای سەربازیی تاران و وتی: "ئێران هەموو شەوێک درۆن هەڵدەدات، بەڵام توانای چاودێری نەماوە و بەو هۆیەوە هەندێک لە درۆنەکانی بە هەڵە بەر کەشتییەکان دەکەون."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP