هەرێم نیوز
لە وەڵامی ئەو هێرشەی کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕیان بۆ سەر پێگەکانی گرووپی حووسییەکان لە ٤ شاری یەمەن دەستپێکرد، کە تیایدا ژمارەیەک چەکداری ئەو گرووپە کوژران و بریندار بوون.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی 10ـی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستانی سعوودیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانی گرووپی حووسییەکان لە ٤ شاری یەمەن (سەنعا، تەعز، عەمران و ئیب) ئەنجامدا. میدیاکانی نزیک لە حووسییەکانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هێرشەکان ئەو ٤ شارەیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە مەیدانییەکانی یەمەن، لە شاری تەعز هێرشە ئاسمانییەکان ئۆتۆمبێل و کۆبوونەوەکانی حووسییەکانیان لە ناوچەکانی ئەلحوبان، حوجەرییە، جەبەل حەبەشی و بەرەی سەییاحی کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە چەندین چەکداری ئەو گرووپە کوژران و بریندار بوون.
لەسەر زەویش، دوای ئەوەی حووسییەکان ناوچەی 'نەجد قەسیم'ـیان لە باشووری ڕۆژئاوای تەعز کۆنترۆڵ کرد، پێکدادانی سەخت لە نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و چەکدارانی حووسیدا لە هەردوو شارۆچکەی مسراخ و سەبر مەوادم دروست بووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە حووسییەکان پێشڕەویی مەیدانییان لە بەرەی سەییاحی کردووە بە ئامانجی بڕینی ڕێگەی دۆڵی زەباب بۆ گەیشتن بە دەروازەی باشووری شاری تەعز.