هەرێم نیوز
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان گەیشتنی بڕی زیاتر لە ٢٢ ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ ڕاگەیاند، و بڕیاریشە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی پارەکە بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی 10ـی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە نزیکەی حەوت ملیار دینار وەک پاشماوەی پارەی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، کە ئەم بڕە تایبەتە بەو جووتیارانەی پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک کە تاوەکو ئێستا پارەکەیان وەرنەگرتبوو.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکراشی کرد کە هاوکات بڕی ١٥ ملیار و ٢٤٥ ملیۆن دینار وەک یەکەمین گوژمەی پارەی گەنمی ساڵی ٢٠٢٦ گەیشتووەتە هەرێم و بەسەر هەر سێ پارێزگاکەدا دابەش دەکرێت.
لەم گوژمەیەی ساڵی ٢٠٢٦، بڕی پێنج ملیار و ٤٣٥ ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، پێنج ملیار و ٣٠ ملیۆن دینار بۆ هەولێر، و چوار ملیار و ٧٨٠ ملیۆن دیناریش بۆ پارێزگای دهۆک تەرخان کراوە.
سەبارەت بە خێراکردنی پرۆسەی پێدانی پارەی گەنم بە جووتیاران، نەوزاد شێخ کامیل ڕوونیکردەوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە بۆ شایستەی جووتیاران تەرخان دەکرێت، لە ٥٠٠ ملیار دینارەوە بۆ یەک ترلیۆن دینار بەرز بکاتەوە، ئەم هەنگاوەش وادەکات پرۆسەی دابەشکردنەکە لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندا زۆر خێراتر ببێت.