هەرێم نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی و نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ڕسووماتی گومرکی و باج لەسەر هاوردەکردنی مریشکی بەستوو و هێلکە، و هۆشداریی دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بۆ سەر بەرهەمی ناوخۆیی و داهاتووی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەو کەرتەدا.
بڕیارێکی یەکلایەنە و بێ هەماهەنگی
ڕزگار حەمە خزر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵ بڕیارەکەی بە شێوەیەکی یەکلایەنە و بێ هیچ ڕاوێژ و هەماهەنگییەکی پێشوەختە دەرکردووە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ستراتیژیمانە بۆ پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی."
وتیشی: "لۆژیک و سیاسەتی ئابووریی دروست دەیخواست ڕسوومات و باج لەسەر پێداویستی و کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی تایبەت بە پڕۆژەکانی پەلەوەر و هێلکەی ناوخۆ لا ببرێت بۆ ئەوەی بواریان پێ بدرێت تواناکانی بەرهەمهێنانیان فراوان بکەن، وەک ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە؛ کە قەدەغەیەکی توندی خستە سەر هاوردەکردنی هێلکە و ڕێگریی کرد لە هێنانی مریشکی بەستوو لە دەرەوە لە ڕێگەی کاراکردنی ڕۆژمێری کشتوکاڵییەوە، ئەمهش بووە هۆی بووژانەوەی بازاڕی ناوخۆ."
ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ئاسایشی خۆراکدا
ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک سەبەتەیەکی خۆراکی ستراتیژی و سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەژمار دەکرێت، و داوای کرد بڕیارە ئابوورییەکان ڕەچاوی بەرژەوەندیی وەبەرهێنەران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی بکەن.