هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە تازە زانیاری پێگەیشتووە سەبارەت بەو هێرشەی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ڕیازی پایتەختی سعوودیە، و جەختیشی کردەوە کە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە دەدات.
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی 10ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگاداری هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدە لە ڕیاز. لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە دۆخی ئێران و پەیوەندی بەم پێشهاتانەوە، ترەمپ تەنها بەوەندە وەڵامی دایەوە کە "لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین".
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێن کە دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە بە فەرمی ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز ڕووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە.
بەهۆی ئەم هێرشەشەوە سەرجەم کار و گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون، هاوکات ئاشکراشی کرد کە هێرشەکە چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە و لە ئێستادا کار دەکرێت بۆ ئامارکردنی تەواوی قوربانییەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی فڕۆکەوانیی سعوودیە، ڕاگرتنی گەشتەکان و کارەکانی فڕۆکەخانەکە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ زیانەکان دەکرێت و، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دڵنیایی لە سەلامەتیی سەرجەم دامەزراوە و پێداویستییەکانی فڕۆکەخانەکە دەکرێتەوە.