هەرێم نیوز
بەپێی نوێترین داتاکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە ململانێ و جەنگی دژی ئێراندا کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ ٢١ سەرباز و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٨٦٥ سەرباز، هاوکات ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی گومان دەخاتە سەر دروستیی ئەو ئامارانە.
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیستەمی شیکاریی زیانەکانی بەرگری سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، ئاماری نوێی زیانە مرۆییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە جەنگی دژی ئێراندا بڵاوکردەوە.
بەپێی داتاکان، بەهۆی بەردەوامیی پێکدادانەکانەوە، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە ٢١ سەرباز و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ ٨٦٥ کەس بەرزبووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، گۆڤاری 'ئینتەرسێپت'ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە پێنتاگۆن تاوەکو ئێستا ڕەتی دەکاتەوە ڕوونکردنەوە لەبارەی ئەو ناکۆکی و دژبەرییانە بدات کە لە ئامارەکانی پەیوەست بە زیانەکانی جەنگ دژ بە ئێراندا بەدی دەکرێن.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ئامارانە بەتەواوی وێنەیەکی ڕوون و دروست لەبارەی قەبارەی ڕاستەقینەی زیانە مرۆییەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا ناخەنەڕوو.
پەرەسەندنی ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، داتاکانی پێنتاگۆن ئاماژەیان بەوە کردبوو کە کۆی گشتیی سەربازە کوژراو و بریندارەکانی ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکە لەگەڵ ئێراندا گەیشتبووە ٨٣٨ کەس، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەردەوامیی جەنگەکە و توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی زیانەکانی سوپای ئەمریکا.