هەرێم نیوز
فەرماندەیی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند، هەر کەشتی و نەوتهەڵگرێک بیەوێت ئاسایش و رێساکانی هاتووچۆ لە گەرووی هورمزدا پێشێل بکات، تووشی "ئاگرکەوتنەوەیەکی سامناک و گەورە" دەبێتەوە.
شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کەشتییە نەوتهەڵگرە بیانییەکان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئاگرکەوتنەوەیەکی سامناک، چارەنووسی هەر نەوتهەڵگرێکی سەرپێچیکارە کە بیەوێت ئاسایش و یاساکانی گەرووی هورمز پشتگوێ بخات.
ئەم هەڕەشە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە گرژییە دەریاییەکان لە کەنداودا گەیشتوونەتە ئاستێکی هەستیار؛ دوای ئەوەی هێزە دەریاییەکانی ئێران بە فەرمی لێدانی کەشتییەکی زەبەلاحی گواستنەوەی گازی شلیان (LPG) بە ناوی "ئێن ڤی سانشاین" لە باشووری گەرووی هورمز راگەیاند، بە بیانووی ئەوەی رێڕەوی رێپێنەدراوی بەکارهێناوە، کە بەهۆیەوە ئاگر لە بەشی بزوێنەرەکەیدا کەوتەوە.
سوپای پاسداران پێشتریش هۆشداری دابوو کە کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەم رێڕەوە ئاوییەی لەدەستدایە و سزادانی ئەو کەشتییانەی گوێڕایەڵی مەرجە دەریاییەکانی نابن، لەمەودوا تەنیا لە گەرووی هورمزدا سنووردار نابێت، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ سەرانسەری ئاوەکانی ناوچەکە. ئەم دۆخەش نیگەرانیی قووڵی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی و کەرتی وزەی جیهانی لێکەوتووەتەوە.