دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

رۆیتەرز: تۆم باراک هەوڵ دەدات کۆمپانیایەکی هاوبەشی بازرگانی خۆی لە پڕۆژەی بۆریی نەوتی کەرکوک-بانیاسدا بەشدار بکات

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردەوە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا، هەوڵی داوە کۆمپانیایەکی نزیک لە خۆی لە پڕۆژەی بۆریی نەوتی کەرکوک-بانیاسدا بەشدار بکات کە خاوەنەکەی هاوبەشی بازرگانیی کۆنی خۆیەتی.

شارەزایان دەڵێن ئەم کارە پێشێلکردنی یاساکانی بێلایەنییە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەموو پەیوەندییەکی نێردەکەی بەم پڕۆژەیەوە ڕەت دەکاتەوە.

فشاری تۆم باراک بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیای "تی ئای کاپیتاڵ"

بەپێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەی ئاگاداری ڕۆیتەرز، تۆم باراک فشاری دروست کردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیای "تی ئای کاپیتاڵ" (TI Capital) بەشداری لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکوک-بانیاسدا بکات.

ئەم کۆمپانیایە لەلایەن زیاد غەندورەوە خاوەندارێتی دەکرێت کە هاوبەشێکی کۆنی بازرگانیی تۆم باراکە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە تەممووزی ئەمساڵدا، عێراق و سوریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا واژۆ کرد بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تەکنیکی و دارایی لەسەر پڕۆژەکە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باراک مافی وەرگرتنی ٢٠٪ی قازانجەکانی پڕۆژەیەکی خانووبەرەی هەیە کە لەلایەن هەمان کۆمپانیاوە بەڕێوە دەچێت.
هەرچەندە بەڵگەیەک نییە بۆ سودمەندیی ڕاستەوخۆی باراک لە پڕۆژەی بۆریی نەوتەکەدا، بەڵام شارەزایانی بواری یاسا دەڵێن، ئەم پەیوەندییە پێشێلکردنی یاسای بێلایەنییە، کە ڕێگری لە بەرپرسان دەکات بەشداری لە دۆسیەیەکدا بکەن کە هاوبەشە بازرگانییەکانیان تێیدا سودمەند دەبن.

باراک تاوەکو ئێستا لێخۆشبونی (Waiver) بۆ ئەم دۆسیەیە لە فەرمانگەی ڕەوشتی حکومیی ئەمریکا وەرنەگرتووە.

شایەنی باسە کە ئەم کۆمپانیایە لە مانگی تەممووزدا لەگەڵ کۆمپانیایەکی تریشدا وەک سەرپەرشتیاری کێڵگەی غازی "ئەککاس" لە عێراق دیاری کرابوو.

بەرگریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
لە بەرامبەر ئەم تۆمەتانەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرگری لە نێردەکەی کرد و ڕایگەیاند: "باڵیۆز باراک هیچ پەیوەندی و ڕۆڵێک و بەرژەوەندییەکی دارایی لە پڕۆژەی بۆریی کەرکوک-بانیاسدا نییە، و لێدوانەکانیشی لەسەر ئەم پرسە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکایە لە بواری وزەدا."

پاشخانی پڕۆژەکە و دۆسیەی نێردەی ئەمریکا
هێڵی بۆریی کەرکوک-بانیاس، لە ساڵانی هەشتاکانەوە تووشی پەککەوتنی ناوەناو بووە و لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق بە تەواوی ڕاگیرا. بەڵام دوای ئەوەی لە شوباتی ٢٠٢٦دا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران توندتر بوون و گەرووی هورمز داخرا، بیرۆکەی نۆژەنکردنەوەی ئەم هێڵە جارێکی تر سەری هەڵدایەوە تا ببێتە جێگرەوەیەک بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست.

تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەم هێڵە نزیکەی ١٥ ملیار دۆلارە و پێویستی بە لانیکەم ٤ ساڵ کارکردن هەیە.

تۆم باراک پێشتر لە ساڵی ٢٠٢١دا بە تۆمەتی کارکردن وەک بریکاری نهێنی بۆ ئیمارات دەستگیر کرابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا بێتاوان دەرچوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP