هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە نوسینێكی درێژدا لە سەكۆی "تروس سۆشیال" وێنەیەكی " ناڤی پیلای" براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هاوپێچ كردووەو نوسیویەتی، ئەمە ئەو ژنەیە کە لەبری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای مەزن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت، کە نوێنەرەکەی واتە من هەشت شەڕی یەکلایی کردەوە و زۆر شتی دیکەی بە ئەنجام گەیاندووە.
من هیچ لەسەر ئەم ژنە نازانم و کەسی تریش نایزانێت! لە ڕاستیدا، ئەوەندەی من بزانم، پێشتر کەس ناوی نەبیستبوو- تەنها ئەوە نەبێت کە بە روونی رقی لە ئیسرائیلە، نازانم ئەم ژنە چی بەدەست هێناوە، من هەشت شەڕم یەکلایی کردەوە- بە پشتیوانی نامەکانی سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتانەی کە هاوکاریم کردوون بۆ لیژنەی نۆبڵی نەرویج نێردراون و سەرقاڵی یەکلاکردنەوە یان چارەسەرکردنی دوو ململانێی دیکەشم: ئێران و روسیا-ئۆکرانیا.
هەردووکیان بە خێرایی بەروپێشەوە دەچن، بەڵام با بۆ ئێستا وازیان لێبێنین؛ خاڵەکە پەیوەندی بەو هەشت شەڕەوە هەیە کە لە ڕاستیدا یەکلایم کردەوە. هەر یەکێکیان - بە تایبەتی ململانێی نێوان پاکستان و هیندستان - زیاتر لە بەس دەبوو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ. لە ڕاستیدا دەبوو هەشت خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم بەدەست هێنابا نەک تەنها یەک خەڵات.
ترەمپ لە بەشێكی تری نوسینەیەكەدا دەڵێت، سەرەڕای هەموو ئەو كارە گەورانەی كردوومە، هەرگیز لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان قسەم نەکردووە؛ هیچ رۆڵێکی نەبووە و هیچ هاوکارییەکی پێشکەش نەکردووە، ئەمریکا کە من وەک سەرۆک نوێنەرایەتی دەکەم - دەبوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت، بەڵام وەری نەگرت، ئەمە پەڵەیەکی شەرمەزاری نەسڕراوەیە لەسەر نەرویج کە هەرگیز لەبیر ناکرێت. خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆ هەمیشە متمانەی لە دەستداوە لە سەر دەستی تاقمێك لە خاوەن ئایدۆلۆژی دژە دیموکراسی و رادیکاڵ و دوژمنانی شارستانیەت.