هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە سوپای ئەمریکا ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ سەرجەم بژاردەکانی هێرشکردنە سەر ئێران تەواو کردووە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی شانبەشانی هێزێکی گەورەی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکرێن، لە کاتێکدا سوپای ئەمریکا ئامادەکاریی چڕ بۆ دەستنیشانکردنی بژاردەکانی دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پێنج بژاردەی سەربازیی جیاوازی بۆ هێرشکردنێکی بەرفراوان لە دژی ئێران خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا پلانەکانی پەسەند نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووه، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان بۆردومانکردنی جبەخانە و کۆگاکانی درۆن و مووشەکی بالیستیکی ئێران دەبێت، هەروەها لە ئەگەری فراوانبوونی هێرشەکاندا پێکانی ژێرخانی کەرتی وزە و بارەگاکانی سوپای پاسداران بەدوور نازانرێت، لە کاتێکدا ترەمپ چاوەڕوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.