هەرێم نیوز
لە هەوڵێکی هاوبەشدا بۆ پاراستنی پیشەسازیی کیشوەرەکە لە داڕمان، هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەرەنسا داوایان لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە ئامرازێکی نوێ و کاریگەر پەسەند بکات کە ڕێگە بدات تەواوی بازاڕی هاوبەشی ئەوروپا دابخرێت بەڕووی هەر دەوڵەتێکدا کە زیان بە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی کیشوەرەکە دەگەیەنێت، کە ئامانجی سەرەکی و ڕاستەوخۆ لێی وڵاتی چینە.
ئەم هەنگاوە تووندەی پاریس و بەرلین دوای ئەوە دێت کە کەلێنی بازرگانیی نێوان هەردوولا گەیشتە ئاستێکی بێوێنە؛ بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی «یۆرۆستات»، کورتهێنانی بازرگانیی ئەوروپا لەگەڵ چین لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠٣ ملیار دۆلار. هاوکات، شەپۆلی کاڵا و بەرهەمە پیشەسازییەکانی چین بەرەو خنکاندنی کارگە ئەوروپییەکان هەنگاو دەنێت، بەتایبەت لە کەرتی ئۆتۆمبێلدا کە بەپێی داتاکانی دامەزراوەی «Dataforce»، لە ئێستادا ئۆتۆمبێلە چینییەکان زیاتر لە ١١٪ـی کۆی بازاڕی ئۆتۆمبێلی یەکێتیی ئەوروپایان کۆنتڕۆڵ کردووە.
ئەم جووڵە نوێیە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ بازرگانییە فەرمییەکانی نێوان کۆمیسیاری بازرگانیی یەکێتیی ئەوروپا و پەکین، و هەروەها بەر لە بەڕێوەچوونی لوتکەیەکی گرنگی هاوبەش دێت کە تایبەت دەبێت بە داهاتووی پەیوەندییە ئابوورییەکان. سەرەڕای ئەم گوشارانەش، پەکین دەستەوسان ناوەستێت و کارتی گوشاری بەهێزی لەبەردەستدایە؛ بەو پێیەی بەپێی داتاکانی یۆرۆستات، نزیکەی ٤٧٪ـی سەرجەم هاوردەی کانزا زەوییە دەگمەنەکانی یەکێتیی ئەوروپا ڕاستەوخۆ لە چینەوە دابین دەکرێت، ئەمەش وا دەکات هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیری بازرگانی، تێچوویەکی گەورە لەسەر پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا خۆی جێبهێڵێت.