دواین هەواڵ

جیهان‌

 55 خولەک پێش ئێستا

پوتین بودجەی بەرگری بۆ ١٩٩ ملیار دۆلار بەرزدەکاتەوە؛ ڕووسیا خۆی بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە دەکات

هەرێم نیوز 

ڕوسیا لە ساڵی ٢٠٢٦دا بەرزترین ئاستی خەرجیی سەربازی لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا تۆماردەکات، ئەمەش دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، زیادکردنێکی بەرچاوی لە تەرخانکراوە داراییەکانی جەنگدا پەسەند کرد؛ هەنگاوێک کە ئاماژەیە بۆ باوەڕی پتەوی کرێملین بە بەردەوامی و پەرەسەندنی ململانێکان لە ئۆکرانیا بۆ ساڵانی داهاتوو.

ئاژانسی هەواڵی "بلومبێرگ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت خەرجیی بەرگریی ڕووسیا تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە نزیکەی ١٧ تریلیۆن ڕووبڵ (کە دەکاتە نزیکەی ١٩٩ ملیار دۆلار)، ئەوەش بە ڕێژەی نزیکەی ٤٠٪ زیاترە بەراورد بەو پلانە سەرەتاییەی کە حکومەتی ڕووسیا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ڕایگەیاندبوو.

ئەم زیادبوونە بەو مانایەیە کە مۆسکۆ تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلاری دیکەی بۆ بودجەی جەنگ زیادکردووە، بەمەش پێشوەختە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی خەرجییە سەربازییانەی کە سەرەتا بۆ ساڵی ٢٠٢٧ پلانی بۆ دانرابوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP