هەرێم نیوز
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی خولی ٣١ـەمینی زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو، کە تێیدا سێ هەزار و ٩٨ خوێندکار لە ٢٠ کۆلێژی جیاوازی زانکۆکە بڕوانامەی دەرچوونیان بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی 10ـی 2026، سەرۆکی حکوومەت لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە ڕێوڕەسمەکە، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کەرتی خوێندنی باڵا کرد و وتی: "چاکسازیی زۆر لە زانکۆی دهۆک کراوە و دەستخۆشی لە سەرۆکایەتیی زانکۆ، مامۆستایان و کەسوکاری قوتابییان دەکەم، زانست گرنگە بەڵام بەبێ خۆشەویستی بۆ نیشتمان تەواو نابێت و ئاییندەی پێشکەوتنی وڵات لە ئەستۆی ئێوەدایە."
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا مەسرور بارزانی دڵنیایی دایە دەرچووان و ڕایگەیاند: "ڕێگە مەدەن کەس بێئومێدتان بکات، لەبارەی دۆسیەی دامەزراندنی دەرچووان لە گفتوگۆی بەردەوامداین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ."
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند کە دەستی دۆستایەتییان بۆ سەرجەم لایەنەکان درێژ کردووە و پێویستە هەمووان بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمان بخەنە پێش بەرژەوەندیی حزبی و کەسی، هاوکات جەختیشی کردەوە: "ئارامیمان سنووری هەیە، داوا دەکەم پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکوومەت پێکبهێنرێت."
لە کۆتاییی وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی هێمای بۆ ئەوە کرد کە ئەزموونی قەوارەی هەرێم بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و بەردەوام بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بووە، وتیشی: "کوردستان بە بازووی هێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت کە توانی تیرۆریستانی داعش تێکبشکێنێت، هەروەها پشتیوانی و هاوکاریی هاوپەیمانانیش بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت."