دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی کابینەی حکوومەت، بودجەی ٢٠٢٧ و کۆکردنەوەی چەک کۆ دەبێتەوە

هەرێم نیوز

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فالح ساری، وەزیری دارایی ئەنجام دەدەن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی گرنگی سیاسی، دارایی و ئەمنی، لەوانەش تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ و پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

تەواوکردنی کابینەی وەزاری و دەنگدان لە پەرلەمان
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق، لە کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دۆسیەی تەواوکردنی کابینەی وەزاری و کاندیدەکانی پۆستە چۆڵەکان تاوتوێ دەکرێت. ئاراستەیەک هەیە بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان ڕێک بخرێت.

پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا
هاوکات، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی پەیوەست بەم بابەتە تاوتوێ دەکەن، تاوەکو هەنگاوی کرداری بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسا بنرێت.

پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ و دۆسیەی دارایی
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فالح ساری، وەزیری دارایی بەرێوە دەچێت بۆ تاوتوێکردنی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 و کەرتە ئابوورییە پەیوەندیدارەکان. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری پەسەند کرا و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP