هەرێم نیوز
لقی سلێمانیی سەندیکاکانی کرێکاران ڕایگەیاند، بڕیاری دیاریکردنی کاتی کاری سەرتاشخانەکان لەلایەن بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانییەوە ڕەتکراوەتەوە و تەنها ڕۆژێک وەک پشوو بۆ کارکردنیان دیاری دەکرێت.
هۆکاری ڕەتکردنەوەی ڕاپرسییەکە
دەروون رزگار، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکاکانی کرێکاران ڕایگەیاند، ئەو ڕاپرسییەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی کارکردنی سەرتاشخانەکانی سلێمانی ئەنجام درا و تێیدا زۆرینەی سەرتاشەکان دەنگیان بەوە دا بوو کاتی کارکردنیان لە سەعات ٨ی بەیانییەوە تا ٨ی شەو بێت، لەلایەن بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانییەوە ڕەتکراوەتەوە.
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکاکانی کرێکاران ئاماژەی بەوەش کرد، لەم قۆناغەدا بڕیار دراوە تەنها ڕۆژێک لە هەفتەدا وەک ڕۆژی پشوو بۆ سەرتاشخانەکان دیاری بکرێت، بەڵام بۆ دیاریکردنی کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی کاری ڕۆژانەیان، خاوەن سەرتاشخانەکان خۆیان سەرپشک دەبن.
ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکەی ٥ی ئەیلول
ڕۆژی ٥ی ئەیلول سەرتاشەکانی سلێمانی ڕاپرسییەکیان بۆ شێوازی کارکردنیان ئەنجام دا و ئەنجامەکانی بەم شێوەیە بوون:
٥٨٤ سەرتاش لە ڕاپرسییەکەدا بەشدار بوون.
٣٦٧ بەشداربوو بە "بەڵێ" دەنگیان دا کە کاتی کارکردن لە ٨ی بەیانی تا ٨ی شەو بێت.
٢٠٨ بەشداربوو بە "نەخێر" دەنگیان دا بۆ دیاریکردنی ئەو کاتە.
٤٠٩ دەنگ لە بەرژەوەندیی ئەوە بوو کە ڕۆژانی هەینی کار نەکرێت.
١٥٤ دەنگ داوایان کردبوو ڕۆژانی هەینی کار بکرێت.