هەرێم نیوز
بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، دۆخی ناوچەکە لە ئاستێکی زۆر هەستیاردایە و پێویستە گەلی کوردستان پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت؛ هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە نە ئەمریکا، نە ئەوروپا و نە هیچ هێزێکی دەرەکی نایەن شەڕ لە پێناوی ئێمەدا بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی 10ـی 2026، بارزانی لە میانەی ڕێوڕەسمێکی حزبی لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، دژی ئەوەیە ئەو فەرهەنگە لەناو کوردستاندا جێگیر بێت کە خەڵکی دیکە بمانپارێزێت، بەڵکو دەبێت پشت بەخۆبەستن ببێتە بنەما؛ ڕوونیشیکردەوە کە سەرەڕای جەنگێکی گەورە لە مانگی شوباتی ڕابردوو، هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی لە بەڵایەکی زۆر گەورە پارێزراون، هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە چارەنووسی ئەم شەڕە بە کوێ دەگات و ململانێکان کۆتایییان نەهاتووە.
سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر خاکی هەرێم، بارزانی ئاشکرای کرد کە تا ئێستا زیاتر لە هەزار مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئاراستەی هەرێم کراون؛ نیوەیان ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە هاتوون و نیوەکەی دیکەشیان لەلایەن گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوخۆی عێراقەوە ئاراستە کراون، وتیشی هەر جارێک بەدواداچوونمان بۆ هۆکارەکەی کردبێت، پاساوی هەڵەی زانیارییان هێناوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندییە هەرێمییەکان کرد و وتی: "حەز دەکەین باشترین پەیوەندیمان هەبێت؛ نە دوژمنی ئێرانین، نە تورکیا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە، هیواداریشین شەڕی ناوچەکە کۆتایی بێت."
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداش دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکان باشە و لە چوارچێوەی دەستووردا مافەکان داوا دەکەن، نە شتێکی زیادە داوا دەکەن و نە کەمتر لە دەستوور قبووڵ دەکەن.
سەرۆکی پارتی لە کۆتاییدا هێمای بۆ ڕێککەوتنی نێوان نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت باشە، بەڵام ئەگەر جێبەجێی نەکەن، بیر لە هەڵوێستی نوێ دەکەنەوە.