هەرێم نیوز
گرووپی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)ـی یەمەن ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتەوە بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیک و درۆن، هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودیە.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی 10ـی 2026، کەناڵی (مەسیرە) لە زاری یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەنەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتیان دژی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە ئەنجام داوە.
سەریع ڕوونیکردەوە کە هێرشەکە وەک کاردانەوە و وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشانەی سعوودیە کردوونیەتە سەر سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی یەمەن.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە بە چەندین مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئەنجام دراوە و بە وردی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە.
بە وتەی ناوبراو، هێرشەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەو ناوچانەی کۆمپانیای ئارامکۆ کە کرابوونە ئامانج. لە کۆتاییشدا، یەحیا سەریع هۆشدارییەکی توندی دا بە عەرەبستانی سعوودیە و ڕایگەیاند کە بەردەوامبوون لە ڕشتنی خوێنی گەلی یەمەن، باج و تێچوویەکی یەکجار قورسی بۆ ڕیاز دەبێت.