دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆڕانکاری لە خشتەی پێدانی پارەی گەنم دەکرێت و سایلۆی ڕوڤیاش جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە

هەرێم نیوز

پڕۆسەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوامە، سایلۆی ڕوڤیا لە پارێزگای دهۆک کاتی وەرگرتنی چەکی پارەی ڕاگەیاند و سایلۆی هەولێریش بەهۆی پشووەکانی هەفتەی ڕابردووەوە گۆڕانکاری لە خشتەی دابەشکردندا کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی 10ـی 2026، سایلۆی ڕوڤیا لە سنووری پارێزگای دهۆک لە ئاگادارییەکدا داوای لە جووتیاران کرد کە ڕۆژی یەکشەممە (4ـی 10) سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنی چەکەکانیان. 

ئاگادارییەکە ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە لە نێوان 1ـی 7 تاوەکو 10ـی 7ـی 2025 گەنمیان ڕادەست کردووە و بڕی گەنمەکەیان لە خوار (100 تەن)ـەوەیە. 

سایلۆکە مەرجی داناوە کە پێویستە خاوەن چەک خۆی ئامادە بێت و کارتی نیشتمانی و (وەسڵی میزان) لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، هاوکات ڕوونیکردووەتەوە کە وەرگرتنی پارەکە لە بانکی (TBI) لقی مووسڵ دەبێت و ڕۆژانەش تەنیا 100 کەس دەتوانن سەردانی بانک بکەن.

لە لایەکی دیکەوە، سایلۆی هەولێر ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەوەی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ڕابردوو پشووی فەرمی بوو، گۆڕانکاری لە خشتەی دابەشکردنی چەک و پارەدا کراوە.

 بەپێی خشتە نوێیەکە، ئەو جووتیارانەی چوارشەممەی ڕابردوو نۆرەیان بووە، ڕۆژی یەکشەممە (4ـی 10) چەک و پارەیان پێ دەدرێت، و ئەوانەشی پێنجشەممە نۆرەیان بووە، دەخرێنە ڕۆژی دووشەممە (5ـی 10).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP