هەرێم نیوز
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایدەگەیەنێت کە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕوات، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە چەقبەستنی، پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاوی بەپەلە بنێت. هاوکات ئاشکرای دەکات کە هەر ئەم مانگە هەنگاوی کرداری سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجالان و دیدارەکانی دەنرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی 10ـی 2026، پەروین بوڵدان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی نزیک لە (دەم پارتی) سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند، تاوەکو ئەم قۆناغە ڕەوتی پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆسەی ئاشتی تەنیا بە یەک لایەن سەرناکەوێت، پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەنگاوی کرداری بنێن.
بوڵدان داوای کرد کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (مەگەکە) بە فەرمی پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی پەسەند بکات و یاسای تایبەت بە چارەسەری بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت دەستبەجێ سیستەمی دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییە کوردییەکان هەڵبوەشێندرێتەوە و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی جێبەجێ بکرێن.
سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوورگەی ئیمراڵی، پەروین بوڵدان ڕوونیکردەوە کە تا چەند دەستی ئۆجالان بۆ دیداری سیاسی و پەیوەندیبەستن و چالاکی ئاوەڵا بێت، بە هەمان ئاست دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەرتری خۆی لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بگێڕێت.
بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات، ئاشکرای کرد کە لەم مانگەدا چەند هەنگاوێکی کرداری سەبارەت بە دۆسیەی ئیمراڵی و دیدارەکان دەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە و لەگەڵ بەرفراوانبوونی دەنگۆی زیندووبوونەوەی گفتوگۆکان لە ناوخۆی تورکیا، مەهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئارامی، سەقامگیری و بەهێزبوونی نیشتمانیی بەدوا دادێت، و ئاماژەی بەوە کرد کە کاتی ئەوە هاتووە هەمووان بە یەکگرتوویی دەست لەناو دەست بنێن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر.