هەرێم نیوز
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، خاکی وڵاتەکەی نابێتە گۆڕەپانی ململانێکان و جەختیش دەکاتەوە کە نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بوونی هەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی 9ـی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەبۆنەی "ڕۆژی سەروەریی نیشتمانی" و کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا حەلبووسی ئاماژەی بەوە کردووە کە سەروەریی عێراق دروشمێکی کاتی یان جێگەی سازش نییە، بەڵکو مافێکی نەگۆڕ و بەرپرسیارێتییەکی دەستوورییە لەسەر شانی هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت.
هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و قبووڵی ناکەن خاک و ئاسمانی وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان یان ڕێڕەوێک بۆ دەستوەردان و هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەلبووسی سوپاسی ئەو وڵاتە دۆستانەی کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆردا هاوکاریی عێراقیان کردووە، و ڕوونیکردەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش.
لە کۆتاییشدا سەبارەت بە سەروەریی یاسا هۆشداریی دا کە بۆ بنیاتنانی عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر، نابێت هیچ هێزێک و چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا هەبێت و هیچ بڕیارێکیش لە سەرووی بڕیاری نیشتمانییەوە بێت.