دواین هەواڵ

عێراق‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

٦٠ ملیار دۆلار زیان لە ئابووریی عێراق؛ جەنگی ئەمریکا و ئێران بەغدا بەرەو داڕمان دەبات

هەرێم نیوز

باجە قورسەکەی گەرووی هورمز؛ عێراق زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و ناچارە نەوتەکەی بە داشکاندن بفرۆشێت  

بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی و داخستنی گەرووی هورمز لە دەرئەنجامی شەڕ و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەدا، عێراق باجێکی ئابووریی یەکجار قورسی داوە کە بەپێی لێدوان و خەمڵاندنە فەرمییەکانی سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراق، تەنیا لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا زیانە داراییەکانی ٦٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.  

هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانە گەورەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێگری لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق کراوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن بەرەو بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش لە چوار مانگی دەستپێکی جەنگدا هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی تووشی ئیفلیجی و دابەزینێکی بێوێنە کرد.

سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئابدا ئاستی هەناردەکردن تا ڕادەیەک بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ٧٠ ملیۆن بەرمیل، بەڵام عێراق بۆ ساغکردنەوەی نەوتەکەی و ڕاکێشانی کڕیاران ناچار کراوە هەر بەرمیلێک بە داشکاندنی نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ دۆلار کەمتر لە نرخی ڕاستەقینەی جیهانی بفرۆشێت.  

ئەم داشکاندنە ناچارییە، مانگانە نزیکەی دوو ملیار دۆلار لە داهاتی گشتیی وڵات کەم دەکاتەوە، کە پەستانێکی کوشندەی خستووەتە سەر بودجەی دەوڵەت و بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی سامانی نەختینەی بیانی؛ بە شێوەیەک کە تەنیا لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، یەدەگی دراوی بیانیی بانکی ناوەندیی عێراق بە بڕی ١٧ ملیار دۆلار پاشەکشەی کردووە.  

لە دەرئەنجامی ئەم قەیرانەدا، دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (EBRD)، پێشبینی دەکەن ئابووریی عێراق لە ماوەی ئەمساڵدا تووشی پاشەکشە و گرژبوونێکی توند ببێت بە ڕێژەی نێوان ٩٪ بۆ ١٢٪. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دامەزراوانە پێشبینی ئەوە دەکەن کە لە ئەگەری کۆتاییهاتنی جەنگ و کرانەوەی سەرلەنوێی گەرووی هورمز، ئابووریی عێراق توانای ئەوەی دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٧دا بە خێرایی دەست بە گەشەکردن و بووژانەوە بکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP