دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سەدر؛ کشانەوەی هاوپەیمانان کۆتایی داگیرکارییە و دەبێت ئەمریکا قەرەبووی عێراق بکاتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا سەربەخۆیی عێراق و کۆتاییهاتنی یەکجاریی ئەرکی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەدا ڕاگەیاند، هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت سوپای ئەمریکا قەرەبووی زیانەکانی عێراق بکاتەوە.

هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازی و گۆڕانکاری لە سوپای مەهدی
بەپێی ڕاگەیاندراوێک کە نووسینگەی سەدر بڵاوی کردووەتەوە، ڕێبەری ڕەوتی سەدر سوپاسی هەوڵی بەرگریکارانی پێشووی کرد و هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی باڵی سەربازیی لیوای "یەومول مەوعود"ی ڕاگەیاند. هەروەها بڕیاری دا سوپای مەهدی بۆ دامەزراوەیەک بە ناوی "دامەزراوەی پشتیوانانی ئیمام مەهدی" بگۆڕێت.

داواکاریی قەرەبووکردنەوە و سکاڵای یاسایی
سەدر داوای لە سوپای ئەمریکا کردووە قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە بەر خاکی عێراق کەوتووە. هەروەها داواشی لە هاووڵاتییان کردووە لەبارەی زیانەکانەوە سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن.

هۆشداری بەرامبەر دەستوەردانی دەرەکی
سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەکی، سەدر هۆشداریی داوەتە ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ و جەختی کردووەتەوە کە دەستوەردان لە کاروباری عێراق دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و مامەڵەی هاوشێوە لە پرسە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکاندا، بەتایبەت بۆ ئەوەی عێراق پەلکێشی ململانێ هەرێمییەکان نەکرێت.
سەدر هیوای خواستووە ئەمریکا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ عێراق و حکوومەت و گەلەکەیدا بکات و لە خۆبەزلزانین دوور بکەوێتەوە.

سێ مەرج و هەنگاوی سەرەکی بۆ قۆناغی دوای داگیرکاری
لەبارەی قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی داگیرکاری، سەدر پێی وایە پێویستە سێ هەنگاوی بنەڕەتی جێبەجێ بكرێن:

یەکەم: قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئاشکرا و دیراسەکراو، کە ئەنجامی بەرجەستە و جێی ڕەزامەندیی گەل و مەرجەعییەتی هەبێت.
دووەم: سەرکردە سیاسییەکانی ئێستا دەست لەکار بکێشنەوە و بەپەلە واز لە کاری سیاسی بهێنن، تا دەرگا بۆ دەموچاوی نوێ بکرێتەوە، کۆتایی بە گەندەڵی بهێنرێت و هەنگاو بۆ چاکسازی بنرێت.
سێیەم: بەهێزکردن و کاراکردنی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەتی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP