دواین هەواڵ

عێراق‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

زەیدی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنێت: هیچ چەکێک لە دەرەوەی یاسا نابێت

هەرێم نیوز

عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لە عێراق ڕاگەیاند و سوپاسی وڵاتانی دۆستی بەشدار لە هاوپەیمانییەکەی کرد.

سەرکەوتن بەسەر توندڕەویدا و ڕێکخستنەوەی هێزەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی فالح زەیدی ڕایگەیاند: "کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە هاوکاریی نێوان هێزە دۆستەکان و گەلە دۆستەکان سەرکەوتنی بەرهەم هێنا بەسەر یەکێک لە تاریکترین پەڕەکانی توندڕەوی و دڕندەیی لە مێژوودا."

ئاماژەی بەوەش کرد، رابوونی گەلەکەمان شانبەشانی هێزە چەکدارەکانمان، خاڵی دەستپێکی قۆناغێک بوو کە تێیدا هێزەکانمان سیستەمەکانی فەرماندەییی خۆیان ڕێکخستەوە و توانییان سەرچاوەکان کۆبکەنەوە، هەوڵەکان یەک بخەن و دەستپێشخەری بگرنە دەست.

پشتیوانیی وڵاتانی دۆست و ڕۆڵی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی کردەوە، هاوپەیمانان دەستی هاوکارییان بۆ عێراق درێژ کرد لەو ڕووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەیەدا و هێزە چەکدارەکانمان بە سەرکەوتوویی ڕیزەکانی خۆیان ڕێکخستەوە و چەکدار کران.

ئەوەشی خستە ڕوو، فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە درێژایی ساڵانی جەنگ دژی تیرۆر، دڵی هەماهەنگی و مێشکی کۆکەرەوەی زانیاری و سەرکردایەتیکردن و پلانڕێژی بوو لەناو شەڕێکی گەورەی نیشتمانیدا.

سوپاسگوزاری بۆ بەشداربووانی هاوپەیمانییەکە
زەیدی وتی: "سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم وڵاتە دۆستەکان دەکەین کە بەشدارییان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد، هەروەها ئاڕاستەی فەرماندە، ئەفسەر، ڕاهێنەر و ڕاوێژکارەکانی دەکەین کە شانبەشانی هێزە ئەمنییەکانمان کاریان کرد."

چوونە ناو قۆناغی نوێی سەروەری و بەرپرسیارێتیی ئەمنی
ناوبراو ڕوونی کردەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە مانای کۆتاییهاتنی جەنگمان دژی تیرۆر نایەت، بەڵکو گواستنەوەی عێراقە بۆ قۆناغێک کە تێیدا بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی هەڵدەگرێت.

جەختیشی کردەوە کە گواستنەوەی ئەرکەکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، شێوازێکی دامەزراوەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم هەوڵە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و سەرکردایەتییە باڵاکەیدا بەرجەستە دەکات.

باسی لەوەش کرد کە قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە کە ناونیشانەکەی سەروەریی عێراق، هێزی دامەزراوەکانی، ئامادەییی هێزەکانی، یەکڕیزیی بڕیار و هاوبەشیی هاوسەنگە لەگەڵ دۆستەکانیدا.

پەرەپێدانی هاوکاریی ئەمنی بە تەکنەلۆجیای نوێ
فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، هاوکاریی ئەمنی وەک ڕێڕەوێکی کراوە لەگەڵ دۆستەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دەمێنێتەوە و کاراتر و چڕتر دەبێت. ئەم هاوکارییە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و تەکنیکە دیجیتاڵییەکانی تێدا بەکاردەهێنرێت لە خزمەتکردنی ئامانجە پشتگیرکەرەکانی ئاسایش و سەقامگیری.

زیادیشی کرد، ئەرکەکە بە سەرکەوتن کۆتایی هات و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەم سەرکەوتنە ئەمڕۆ دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان.

چەک و هێز لەژێر ڕکێفی دەوڵەتدا
لە کۆتاییدا عەلی فالح زەیدی جەختی کردەوە: "هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا نییە و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت نییە، بەپێی ئەوەی دەستوور دەیخوازێت و بەپێی ئەوەی مەرجەعییەتی باڵامان داوای کردووە و گەلەکەمان دەیەوێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP