هەرێم نیوز
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە ڕێکخراوی داعش بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق، بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشی لەگەڵیاندا نایەت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ هاوکارییەکی ئەمنی و هەواڵگریی دووقۆڵی پتەوتر.
چەسپاندنی سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان
ئەعرەجی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئەمڕۆ دەگەینە وێستگەیەکی گرنگ بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بوونی هێزەکانی و گواستنەوە بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی ئەو هاوپەیمانییەدا، بە شێوازێک کە سەروەری بچەسپێنێت و خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و خواستەکانی گەلی عێراق بکات."
پێزانین بۆ ڕۆڵی هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی داعشدا
ڕاشیگەیاندووە، سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوی داعشدا بە قوربانیدانی عێراقییەکان و ئازایەتیی هێزە چەکدارەکانمان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانیانەوە و بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست هاتە دی، کە ئەم ڕۆڵە بە هەند وەردەگرین و پێزانینمان بۆی هەیە.
قۆناغی نوێی هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری
ئەعرەجی لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانییەکە بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشی نایەت، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ پەیوەندییەکی دووقۆڵیی پتەوتر، لەگەڵ بەردەوامبوونی هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و شارەزایی و بنیاتنانی تواناکان.
جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم پەیوەندییە نوێیە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەبێت، بە جۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیری بەهێزتر بکات و پشتگیری لە خواستەکانی گەلەکەمان بکات بەرەو ئاشتیی بەردەوام، گەشەپێدان و بووژانەوە.