هەرێم نیوز
ژنێکی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان دوای چەند ڕۆژێک لە تووشبوونی بە ڕووداوی هاتووچۆ لە وڵاتی ئێران، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ڕێککەوتی 8ـی 9ـی 2026 خێزانێکی خەڵکی دەربەندیخان لە کاتی گەڕانەوەیان لە وڵاتی ئێران تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ بوون، کە بەهۆیەوە چوار ئەندامی خێزانەکە بەسەختی بریندار بوون.
لە ئەنجامی ڕووداوەکە و دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لە بەشی چاودێریی چڕ، ژنێک بە ناوەی «ڕۆشنا جەلال ئەحمەد» بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە وڵاتی ئێران گیانی لەدەستدا.
کەسوکاری هاووڵاتییەکە ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە ڕێکارە یاساییەکان بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن و دوای کۆتاییهاتنی کارەکان کات و شوێنی ناشتن و پرسەکەی ڕادەگەیەنن.