دواین هەواڵ

کوردستان‌

 38 خولەک پێش ئێستا

پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی عێراق فەرمانگەی بودجەی ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی پلەبەرزکردنەوە و پێدانی دەرماڵە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، و بڕیارە ئەم شایستەییە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگیر بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی 9ـی 2026، دانەر عەبدولغەفار، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بەپێی ڕێنماییەکان فەرمانگەی بودجەی ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی دەرماڵەکانیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێشتر لە نووسراوێکدا داوای لە وەزیری دارایی عێراق کردووە ڕەزامەندی لەسەر پێدانی دەرماڵە و پلەبەرزکردنەوە بە فەرمانبەرانی هەرێم بدات، بە ئامانجی نەهێشتنی جیاوازی و بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەتدا.

بەپێی ناوەڕۆکی داواکارییەکە، داوا کراوە ساڵانی ڕابردوو بۆ مەبەستی پلەبەرزکردنەوە و دەرماڵە هەژمار بکرێت و شایستە داراییەکانی ئەو ماوەیەش خەرج بکرێت.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، دانەر عەبدولغەفار ڕوونیکردەوە کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکرێتەوە بۆ ئەوەی مافەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی مسۆگەر بکرێت و کێشەی داراییان بۆ دروست نەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP