دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەواڵگریی ئیسرائیل چاودێریی هەوڵەکانی بەغدا بۆ چەککردنی میلیشیاکان دەکات

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لەنزیکەوە چاودێریی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ چەککردنی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە ترس لەوە هەیە ئەو گرووپانە دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەیان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، پەنا بۆ ئەنجامدانی هێرش بەرن.

ڕەتکردنەوەی مۆڵەتەکە و مەرجی گرووپە چەکدارەکان
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، میلیشیاکان داواکارییەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ چەکداماڵین ڕەت کردووەتەوە، بەڵام پەیامیان ناردووە کە تەنیا دوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئامادەن تاوتوێی دۆسیەی چەکدانان بکەن.

لەمبارەیەوە ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەفتەکانی ڕابردوودا گرووپە چەکدارەکانی عێراق بوونەتە جێگەی سەرنجی زیاتری دەزگاکانی هەواڵگریی ئیسرائیل، بەو پێیەی هەندێک لە کۆگاکانی چەکیان لەنزیک سنووری عێراقن.

هۆشداریی ئیسرائیل و ڕۆڵی نێوەندگیریی واشنتن
ڕاپۆرتەکە هەروەها باسی لەوەش کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا میلیشیا چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێران و حووسییەکان هاوڕا بوون، پەیامیش گەیەندراوەتە بەغدا کە "ئەگەر میلیشیاکان کۆنترۆڵ نەکرێن، ئەگەری هەیە وەڵامی ئیسرائیل توندتر بێت."

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە نەیشاردووەتەوە کە ئاڵنگاریی بەردەم هەواڵگریی ئیسرائیل کە بنکەی لە عێراق بۆ چاودێریکردنی جووڵەکانی ئێران دامەزراندووە، بریتییە لە ڕووبەری جوگرافیای بەرفراوانی عێراق کە بەهۆی دووریی مەوداکانەوە دیاریکردنی بنکەکانی چالاکیی گرووپەکان و کۆگا سەرەکییەکانی چەکیان بۆ ئیسرائیل قورس کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە عیبرییەکە، ئەمریکا ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە نێوەندگیری و گەیاندنی پەیامەکان بە حکومەتی عێراقدا بینیوە سەبارەت بە پێویستیی کۆنترۆڵکردنی ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن. هەروەها واشنتن داوای کردووە چەک ببن و هۆشداریی داوە ئەگەر پابەند نەبن، ڕەنگە وەڵامی سەربازییان بدەنەوە.

نیگەرانییە ئەمنییەکان و ئامانجی سوپای پاسداران
"ئۆرشەلیم پۆست" لە زاری بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل و ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە کە نیگەرانن لەوەی میلیشیاکان دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە، هەوڵ بدەن بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان ناوخۆی ئیسرائیل و بە پشتگیریی ئێران، هێزی خۆیان پێشان بدەن.

لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە دەڵێت، سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵ دەدات هاوپەیمانییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ میلیشیا عێراقییەکان، لەپاڵ حووسییەکان و حزبوڵا بپارێزێت، چونکە پێیوایە ئەم گرووپانە لەژێر فشاری توندی ئەمریکادا لەسەر گەرووی هورمز و ئابووریی ئێران، مەودای مانۆڕ بۆ تاران دەڕەخسێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP