هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وادەیەکی نوێی بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان تاوەکو ۳۰ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دیاری کرد، ئەمەش بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو وادەیەی پێشوو دێت کە پێشتر بڕیار بوو لە ۳۰ی ئەم مانگەدا کۆتایی پێ بێت.
وردەکاریی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ سەرکردەکانی شیعه
ڕۆژنامەی "العربي الجديد"ی قەتەری لە زاری سەرچاوە عێراقییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، سەردانی زەیدی بۆ ئەمریکا دوای ئەوە هاتووە کە شەوی یەکشەممەی ڕابردوو لەگەڵ سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" و گەورە سەرکردەکانی شیعه گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ دواخستنی دۆسیەی چەکداماڵینی گرووپەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٧.
لە ماوەی ئایندەدا بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ لەناو دەستەی "حەشدی شەعبی" دروست دەکرێت کە تایبەتمەند دەبێت بە دۆسیەی ڕادەستکردنی چەکی ئەو گرووپانە و پرۆسەکە لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی حکومەتی عێراقدا بەڕێوە دەچێت.
سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە دەکرێت؛ دەستەی حەشدی شەعبی کار لەسەر جەردکردنی چەک، تەقەمەنی و کەلوپەلی ئەو گرووپانە دەکات و شوێنی کۆگاکردن و مکانیکیی بەکارهێنانیان دیاری دەکات، لەبری ئەوەی ئەو چەکانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕادەستی وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتی ناوخۆ بکرێنەوە.
پێدانی پارێزبەندی و تێکەڵبوونەوە بە پرۆسەی سیاسی
نەخشەی ڕێککەوتنەکە پێدانی پارێزبەندی (حصانة) بە فەرماندەی گرووپەکان و ئەندامەکانیان لە هەر لێپێچینەوەیەک لەخۆ دەگرێت، هاوکات مافی ئەوەیان پێ دەدات بێنە ناو پرۆسەی سیاسی و خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کاندید بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی بەڵێننامە پڕ دەکەنەوە کە ناگەڕێنەوە سەر هیچ چالاکییەکی سەربازی و چەکدارانە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت یان هەوڵی دروستکردنی هیچ گرووپێکی چەکداریی نوێ نادەن.
هەڵوێستی زەیدی و هۆشدارییەکان لە کاردانەوەی ئەمریکا
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن عەلی زەیدی بە شێوەیەکی ڕەها دژی بنەمای قۆناغبەندی نەبووە، بەڵام تێبینیی لەسەر هەندێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و مکانیکییەکانی جێبەجێکردنی هەبووە. ناوبراو هۆشداریی ئەمریکای گەیاندووەتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی ئەوەی پرۆسەی چەکداماڵین تەنیا بە شێوەیەکی شکڵی نەمیێنێتەوە.
دراژکردنەوەی وادەی چەکداماڵینەکەش بژارده نەبووە، بەڵکو پێویستییەکی کاتی بووە بەهۆی ئەوەی کات نەمابوو و مەترسیی ڕوودانی پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەو گرووپانە و سوپای عێراقدا هەبوو.
زەیدی بە سەرکردەکانی شیعهی ڕاگەیاندووە: "ئەمریکا هەنگاوی کردەیی لەم پرۆسەیەدا دەوێت، نەەک تەنیا ڕاگەیاندنی سیاسی لەبارەی ڕێکخستنی چەکەوە".
سەرۆک وەزیران پێشنیاری کردووە پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ واشنتن بکرێت بەر لە چەسپاندنی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنەکە؛ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لە نیویۆڕک لەبارەی ئەم پرسەوە گفتوگۆ دەکات و دواتر دەکرێت لەسەر ئاستی ناوخۆ بڕیاری کۆتایی دابڕێژرێت، بە مەبەستی ڕێگری لە هەر کاردانەوەیەکی ئەمریکا کە ڕەنگە سەربکێشێت بۆ سەپاندنی سزای دارایی و ئابووری بەسەر بەغدادا.