دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: جەنگ لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە لە کۆتایی و تاران لەنێوان دوو بژاردەدایە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، شەڕ لەگەڵ ئێران پێش یان دوای هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکا کۆتایی دێت.
ترەمپ لە نیویۆرک ڕاشیگەیاند دانوستانەکان زۆر بەرهەمدار بوون و جارێکی دیکەش تاران دەخاتە نێوان دوو بژاردەی: "یان ڕێککەوتن بە مەرجی واشنتن یان لەناوبردنی تەواوەتی" ئەو وڵاتە.

وردودرشتی هەواڵ
دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ڕایگەیاند، جەنگ لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە لە کۆتایی و پێش یان دوای هەڵبژاردنەکان کۆتایی دێت. هەروەها جەختی کردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا ڕێگەیان گرتووە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و زیانی گەورەیان بە ئابووریی تاران گەیاندووە کە ئێستا بە دەست هەڵاوسانێکی زۆرەوە دەناڵێنێت.

ترەمپ جەختیشی کردووەتەوە، واشنتن کار دەکات بۆ دابڕینی تەواوەتیی ئابووریی ئێران وەک فشارێک بۆ گۆڕینی هەڵوێستی تاران. سەرەڕای فشارەکان، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی واشنتن و تاران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گفتوگۆی "زۆر بەرهەمدار"یان ئەنجام داوە.

لێدوانی پەیوەندیدار
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: "پێویستە بڕیاری کۆتایی بدەین؛ ئێران لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یان گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ واشنتن یان ڕووبەڕووبوونەوەی لەناوبردنی تەواوەتی کە هیچ کات نەیانبینیوە".

پاشخانی هەواڵ
هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکا (Midterm Elections) بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ئەنجام بدرێت، کە تێیدا هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەشێکی ئەنجومەنی پیران هەڵدەبژێردرێنەوە. دۆناڵد ترەمپ لەوەتەی گەڕاوەتەوە بۆ دەسەڵات، پرسی ئێرانی کردووەتە کاری لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەی و دوای شکستی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨، ئێستا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ستراتیژیی "وپەڕی فشار"ەوە تاران ناچار بە ڕێککەوتنێکی نوێ بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP