دواین هەواڵ

کوردستان‌

 50 خولەک پێش ئێستا

تەپڵی جەنگ و هۆشداریی دراوسێکان؛ ئەڵمانیا گەورەترین سوپای ئەوروپا بنیات دەنێت 

مەترسیی تێکچوونی هاوسەنگیی سەربازی لە ئەوروپا؛ هەوڵەکانی ئەڵمانیا بۆ بنیاتنانی گەورەترین سوپا دڵەڕاوکێ لای وڵاتانی دراوسێ دروست دەکات

هەوڵ و هەنگاوە خێراکانی ئەڵمانیا بۆ خۆپڕچەککردن و تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئەوروپادا دروستکردووە سەبارەت بە تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە کیشوەرەکە و دووبارە زیندوبوونەوەی مشتومڕە مێژووییەکانی تایبەت بە «پرسی ئەڵمانیا». حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر لە نیو ترلیۆن دۆلاری بۆ پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکانی بەدرێژایی یەک دەیە تەرخان کردووە، بەجۆرێک بەهای ئەو گرێبەستە سەربازییانەی تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بەرلین واژۆی کردوون، گەیشتووەتە سێ هێندەی تەواوی گرێبەستە هاوشێوەکانی بەریتانیا.  
سەرەڕای ئەوەی لەسەر ئاستی ئەوروپا هاوڕایی هەیە لەسەر ئەوەی بەهێزکردنی توانای سەربازی بووەتە پێویستییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا، بەڵام ئەم وەرچەرخانە گەورەیەی ئەڵمانیا کاردانەوە و هۆشداریی ڕاستەوخۆی دراوسێکانی لێکەوتووەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، ڕادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی خوازیاری ئەڵمانیایەکی بەهێزە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا لە مەترسیی بوونی هێزێکی سەربازیی زەبەلاح لە حاڵەتی گەیشتنی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بۆ دەسەڵات. هاوکات، ژان لوک میلانشۆن، دامەزرێنەری بزووتنەوەی «فەرەنسای ملنەدەر»، دژایەتیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی ئەڵمانیا ببێتە خاوەنی گەورەترین سوپای تەقلیدی لە تەواوی ئەوروپادا.  
ئەم مەترسییانە بەهێزتر دەبن بەهۆی ئەوەی نزیکەی دوو لەسەر سێی تەواوی بودجەی بەرگریی ئەڵمانیا بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە دەڕوات لەبری ئەوەی ئاراستەی بەرنامە هاوبەشەکانی کڕینی چەک لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا بکرێت. لە هەمان کاتدا، ڕەگی ئەم دڵەڕاوکێیانە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکشانی خێرای پێگەی «پارتی بەدیل بۆ ئەڵمانیا» (AfD) و پێشەنگبوونی لە ڕاپرسییەکاندا؛ پارتێکی ڕاستڕەوی توندڕەو کە داوای کشانەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، هەڵگرتنی سزاکانی سەر مۆسکۆ و کۆتاییهێنان بە «کولتووری هەستکردن بە تاوان»ی قۆناغی نازییەکان دەکات. دراوسێکانی ئەڵمانیا، بەتایبەتی پۆڵەندا، نیگەرانن لەوەی کەوتنی ئەم سوپا بەهێزە بەدەست دەسەڵاتێکی ڕاستڕەوی هاوسۆز لەگەڵ ڕووسیا، چاوچنۆکییە فراوانخوازییەکان زیندوو بکاتەوە و داواکارییە مێژووییەکان لەسەر خاک و سنوورەکان بهێنێتەوە کایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP